لەسەر رێگای سلێمانی - چەمچەماڵ
ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
کەمێک پێش ئێستا رووداویکی هاتوچۆ لە جۆری وەرگەڕان لەسەر رێگای سلێمانی – چەمچەماڵ، نزیک کارگەی خشتی ئاسۆ روویدا و شۆفیری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستدا.
شێرزاد محەمەد، لە بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، رووداوەکە لە شەقامی سەرەکی کەرکوک – سلێمانی لەنزیک یەکێک لە کۆمپانیاکانی سنوورەکە روویداوە، بەڵام تا ئێستا بۆمان یەکلایی نەبووەتەوە هۆکاری سەرەکی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە چی بووە، کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێرەکەی و خۆیشی تاکە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بووە.
لای خۆشیەوە شەریف رەحیم جێگری بەرێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بۆ 964 وتی، کەسێک گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ کە لەدایکبووی ساڵی 1993, کاتێک گەیندراوەتە لای ئێمە گیانی لەدەست دابوو.
وتیشی، دوای ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان رەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کراوە، لەوێشەوە رادەستی خانەوادەکەی دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر