"دەبێ لەبری ئەو درەختانە 54 داری نوێ بچێنن"
سێ مێردمنداڵ زیانیان بە درەختەکانی باخچەیەکی دەربەندیخان گەیاند؛ دەستگیر کران
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە دەربەندیخان توێکڵی چەند درەختێکی ناو باخچەیەک لێکراونەتەوە، دوای سکاڵای شارەوانی، پۆلیس سێ مێردمنداڵی دەستگیر کرد.
زریان سابر، سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان بە 964ـی وت،”لەماوەی رابردوودا توێکڵی 27 دار لە باخچەیەکی قەزای دەربەندیخان لێکرابوونەوە، دارەکان تەمەنیان زیاتر لە چوار ساڵ بووە، دواتر سکاڵامان تۆمارکرد”.
“دارەکان لەجۆری ئەلبیزیان و بە لێکردنەوەی توێکڵەکانیان وشک دەبنەوە، پۆلیسی قەزاکە لەسەر لێکردنەوەی توێکڵی دارەکان سێ کەسیان دەستگیر کرد، ھەرسێکیان تەمەنیان نزیکەی 12 ساڵان بوو”، زریان سابر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،لەبەر ئەوەی تەمەنیان منداڵە، ئازادکراون، بەڵام کەسوکاریان بانگ کراون و دەبێت دوو ئەوەندەی دارەکان، واتە 54 دار بچێنن و تەمەنیان دوو ئەوەندەی ئەو دارانەبێت کە توێکڵەکانیان لێکردوونەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری