بۆ یەکەم جار
لە کەلار سەنتەرێکی پەروەردەی پێشوەخت بۆ ئۆتیزم دەکرێتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
یەکەمجارە لە سنووری پەروەردەی گەرمیان سەنتەرێکی پەروەردەی پێشوەخت بۆ ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێتەوە، بەڕێوەبەری پەروەردەش دەڵێت، داواکارین وەزارەت یان خێرخواز بینایەکمان بە کرێ بۆ بگرن.
عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار بە 964ـی وت، فەرمانی کردنەوەی سەنتەرەکەمان لە وەزارەتی پەروەردە پێدراوە، سەرقاڵی کارەکانی کردنەوەی سەنتەرەکەین، جگە لە گەرمیان لە بەشێک لە شارەکانی دیکە بوونی ھەیە و ئەمساڵیش لە کەلار دەکرێتەوە.
“لە قۆناغی یەکەمدا منداڵی یەک رۆژە تا شەش ساڵ وەردەگیرێت لەو سەنتەرە، دوای ئەوەش قۆناغی یەکی بنەڕەتی تا نۆی بنەڕەتی و تا دەگاتە زانکۆ و پەیمانگاش لەو سەنتەرە بەردەوام دەبن لە خوێندن”،عەدالەت لەتیف وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ھەفتەیەکدا یەک رۆژ منداڵان دێنە سەنتەرەکە، دەبێت باوک یان دایکی لەگەڵ بێت بۆئەوەی ئەو شتانەی فێردەکرێن لە ماڵەوەش پێیان دووبارە بکرێتەوە، ھەروەھا توشبوانی ئۆتیزم و سەرجەم خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانی دیکەش دەتوانن لە سەنتەرەکە بخوێنن”.
عەدالەتی لەتیف وتیشی، داوا لە وەزارەتمان و وەزارەتی دارایی دەکەین بینایەکمان بەکرێ بۆ بگرن، یان خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە ئەو کارەمان بۆ بکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی