ژینگەپارێزان مانیان گرتووە
زبڵ و خاشاکی سۆران دوو رۆژە کۆنەکراوەتەوە و بازاڕی تەنیوە
+964
ئاکام غەفور – سۆران
دوو رۆژە زبڵ و خاشاکی سەنتەری شاری سۆران کۆنەکراوەتەوە، زبڵ شارەکەی تەنیوە و هەم مێش و مەگەززیادەکات و هەمێش بۆنیناخۆش بڵآو دەکاتەوە.
لە ناو بازاڕی شارەکە زبڵێکی زۆر کۆبووەتەوە، مانەوەشی بەهۆی ئەوەیە کارمەندانی ژینگەپارێز مانیان گرتووە لە کارکردن بەهۆی وەرنەگرتنی موچەی دوو مانگ.
پەیامنێری 964 قسەی لەگەڵ چەند ژینگەپارێزێک کردووە ئەوان دەڵێن، ئامادە نین کار بکەین تاوەکو موچە وەرنەگرین، لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت، ئەمڕۆ یان بەیانی چارەسەری کێشەکە دەکەین.
عەبدولهادی عەبدولباقی، بەرپرسی کۆمپانیای باڵ و هیزڵ لە سۆران، کە ئەرکی پاک کردنەوەی شارەکەی لە ئەستۆیە بە 964ـی وت، راستە کارمەندەکان موچەیان وەرنەگرتووە بەهۆیەوە دوو رۆژە سەنتەری شاری سۆران پاک نەکراوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ یان بەیانی کێشەکە چارەسەر دەکەین و کارمەندان دەست بە کار دەکەنەوە.
وتیشی، هۆکاری دابەشنەکردنی موچە ئەوەیە، بەهۆی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران، بانکەکان پارەیان تێدا نەبووە، نەمانتوانیوە پارەی کارمەندەکان بدەین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی