هاوشێوهى ماڵان حكومەت پارەی كارەبا لە وەزارەت و فەرمانگەکانی خۆشی وەردەگرێت
964+
فهرهاد حهسهن
حكومەتی هەرێم بڕیاریداوه، هاوشێوەی وەرگرتنى پارەى کارەبا له ماڵان، لە وەزارەت و فەرمانگەكانى خۆشی وەربگرێت و نرخى بۆ دیاریكردوون و هەر كیلۆواتێك بۆ فەرمانگەكانی حكوومەت بە 160 دینارە، نرخەكە جێگیرە و ناگۆڕێت.
بەپێی بەپێی پڕۆژەی رووناكیی حكومەتی هەرێم، بڕی پارەی فەرمانگەکان وەك ماڵان نییە كە 400 كیلۆواتی یەكەم نرخێك بێت و 400 ی دووەمیش گرانتر، بەڵکو ئەگەر فەرمانگەیەكی حكومەت مانگانە پێنج هەزار كیلۆوات كارەبا بەكار بهێنێت، ئەوا دەبێت مانگانە 800 هەزار دینار بدات.
پلانى حكومەت بۆ ئهمه كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی كارەبایە لە فەرمانگە حكومییەكان.
هەفتەى رابردوو ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێم نرخی کارەبای 24 کاتژمێری پەسەند کرد کە لەلایەن وەزارەتى کارەباوە نرخەکەى پێشنیاز کرابوو، بەڵام ئەو نرخانە کاردانەوە و ناڕەزایەتى زۆری هاوڵاتییان و چین و توێژەکانى لێکەوتەوە و نرخەکان رەتدەکەنەوە.
نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکی بەم شێوەیە دیاریکراوە:
ئاستی یەکەم: لە 0 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 400 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 72 دینار دەبێت.
ئاستی دووەم: لە 401 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 800 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 108 دینار دەبێت.
ئاستی سێیەم: لە 801 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1200 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 175 دینار دەبێت.
ئاستی چوارەم: لە 1201 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1600 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 265 دینار دەبێت.
ئاستی پێنجەم: لە 1600 کیلۆوات کاتژمێر زیاتر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 350 دینار دەبێت.