لەکاتی قەدەغەی راوەماسی گەڵەکۆمەگیان لە بەنداوی موسڵ کرد
27 راوچی بە 300 کیلۆ ماسی گەورە و دانسقەوە دەستگیر کران
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
27 کەس حسابیان بۆ وەرزی قەدەغەی راوە ماسی نەکرد و گەلەکۆمەگیان لە بەنداوی موسڵ کرد و 300 کیلۆ ماسی گەورە و دانسقەیان راوکرد، بەڵام بۆیان نەچووەسەر، هەر هەموویان دەستگیر کران و ماسییەکانیشیان لێ سەنرایەوە.
نزیکەی دوو مانگە بەڕێوەبەرایەتی هێزی دهۆک بۆ پاراستنی ژینگە، مەفرەزەی گەرۆکی لە سەرجەم بەنداو و رووبارەکانی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داناوە، هەرکەسێکیان لەکاتی راوەماسیدا دەستکەوێ، قۆڵبەستی دەکەن.
جەمال سەعدون بەڕێوەبەری فەرماندەی هێزی دهۆک بۆ پاراستنی ژینگە بە 964ـی وت، ” ئەمڕۆ یەکشەممە 18.5.2025 مەفرەزەکانمان لەسەر بەنداوی موسڵ لە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، 27 کەسیان لەکاتی راوەماسیدا دەستگیر کردووە”.
“جگە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، 10 ئۆتۆمبێل و 200 تۆڕی ماسیگرتن و هەندێک کەلوپەلی دیکە دەستیان بەسەرداگیراوە”، جەمال سەعدون وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە کوردن و 300 کیلۆ ماسیان راو کردبوو کە دەیانویست بیفرۆشن، بەڵام دەستیان بەسەر هەموویدا گرتووە و سەرپێچێکارانیش بەپێی یاسا لە دادگای گشتی دهۆک سزادەرێن.
جەمال سەعدون وتیشی، لە سەرەتای وەرزی قەدەغەی راوەماسی تا ئەمڕۆ، 45 کەسیان دەستگیر کردووە.
بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە 20.3.2025ـەوە قەدەغە خراوەتە سەر راوەماسی تاوەکو 20.6.2025 و هەر کەس لە چەم و رووبار و دەریاچەکان راو بکات سزا دەدرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری