هەولێر
پشیلەیەک لە مردن رزگار کرا
964+
عەبدولعەزیز خالند
بێچوە پشیلەیەک کەوتە نێو بیرێکی کۆنی قوتابخانەی رزگاری لە هەولێر، تیمەکانی رزگارکردنی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتن و پشیلەکەیان لە مردن رزگارکرد.
شڤان ئەبوبەکر، بەڕێوبەری قوتابخانەکە بە 964ی، وت، ئەوان چەند رۆژێکە خواردن بۆ ئەو بێچووە پشیلەیە دابین دەکەن بەڵام ئەمڕۆ دیار نەمابوو، دوای ئەوەی بە شوێنیدا گەڕاون گوێیان لە دەنگی پشیلەکە بووە، کە لە ناو چاڵەکە بووە، بۆیە تیمەکانی بەرگریی شارستانییان لێ ئاگادار کردووەتەوە.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە 964ی، وت، “کە هاتینە شوێنەكە سەرەتا هاتین گومانمان هەبوو پشیلەکە لەوێبێت، بەڵام دواتر تیمەکانی رزگارکردن ماوەی 45 خولەک چواردەوری بیرەکەیان گەورەکرد و کارمەنێک چووە ناو بیرەکە و توانی بە سەلامەتی دەریبێنێت”.
وتیشی، “تیمەکانمان راهێنایان کردووە، ئێمە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی پشیلەکە دەیبەینە ڤێرتێرنەری هەولێر”.
بە قسەی بەرگریی شارستانی، ئەمە یەكەم حاڵەتی رزگاركردنی گیاندارانە لە هەولێر ئەمساڵ ئەنجامیان دابێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا