لەیلا قاسم
51 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێرەژنێکی کورد تێپەڕدەبێت
راژان باجەڵان – خانەقین
ئەمڕۆ یادی شەهیدبوون و لە سێدارەدانی یەکێک لە شێرە ژنانی کوردە کە بەهۆی کوردایەتی و خەباتییەوە لە پێناو کورد چووەبەردەم پەتی سێدارە و لە سێدارەدرا.
لەلایلا قاسم ئەو شێرە ژنە بوو کە لە خانەقین لە دایکبوو، 51 ساڵ پێش ئێستا شەهید کرا و لە سێدارە درا.
سەبەست برزۆ مێژوونوسێکی خانەقینە و بۆ 964 وتی، لەیلا قاسم لە ساڵی 1952 لە گوندی مەسفەی شاری خانەقین لەدایکبووە و هەر زوو هەستی نەتەوایەتی لە ناخیدا دروست بووە و لە هەمان شاردا خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواوکردووە و پاشان بەرەو بەغدا ماڵیان گواستەوە بۆ تەواوکردنی خوێندنی لە کۆلێژی ئادابی بەغداد و هەر لەوێدا شۆڕشی کوردایەتی چووە ئاستێکی تر و کچە کوردێک باڵێکی شۆڕشی گرتە ئەستۆ.
لە 29.5.1974 لەیلا قاسم دەسگیر دەکرێت و لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە دادگاییەکی نادادپەروەرانەی بۆ دەکرێت و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت و تا رۆژی لە سێدارەدان لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دەبێت و تەنانەت چاوێکی کوێر دەکرێت و دەبێتە یەکەمین ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە سێدارە بدرێت.
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا پەتی سێدارە دەخرێتە ملی و جلە کوردیەکەی کە خوشکەکەی بۆی هێنابوو لەبەری دەکات و لەو ساتەوە لەیلا قاسم دەبێتە ئایکۆنی کوردایەتی و ژنی کورد و بە بوکی چوارپارچەی کوردستان ناو دەهێنرێت و تەرمەکەی لە وادی سەلام لە نەجەف دەنێژرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی