رێنماییەک لە وەزارەتی دادەوە

بۆ هەموو (راستاندن)ـێک هەزار دینار لە هاوڵاتی وەردەگیرێ

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پەسەندکردن و راستاندنی بەڵگەنامەکان، رێنمایی بۆ هاوڵاتیان بڵاوکردەوە کە ئیتر ئەو کارە تایبەتمەندی خۆی دەبێ و دەڵێ، بۆ هەموو راستاندنێک بڕی هەزار دینار بۆ رەسمی پوڵ وەردەگیرێ لە هاوڵاتییەکە.

مەبەست لە راستاندن ، پشتگیرییە لە راست و دروستی واژۆ و مۆرەکانی سەر ئەو بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتانەی کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێکخراوە بە ئامانجی کارپێکردنی لە دەرەوەی وڵات.

یاخود ئەو بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتانەی کە لەلایەن باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی عێراق یان نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان لە دەرەوەی وڵات یان لایەنە پەیوەندارەکان لە وڵاتانی بیانی، رێکخراوە، بۆ کارپێکردنی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتەکە لە بڵاوکراوەیەکدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 11.5.2025، تایبەتمەندی خۆی ئاشکراکردووە بۆ راستاندنی ئەو بەڵگەنامە و دیکۆمێنتانە کە لەلایەن وەزارەت و رێکخراوەکانەوە و نوێنەرایەتییەکانی نەلکێندراو بە وەزارەتێکەوە دەرچوێندراون.

ئەو بەڵگەنامە و دیکۆمێنتانە ئەم بوارانە دەگرێتەوە:

دابەشنامەی شەرعی یان یاسایی
بەڵگەنامەی دیاریکردنی میرات و ئەوانەی پەیوەندیدارە بە رێکارەکانی تەریکات
بەڵگەنامەی راسپێریی و سەرکاریی و وەقفەکان
بریکارنامەی گشتی و تایبەت ئەگەر پەیوەست بوو بە سامان
بەڵگەنامەی داهێنان و نیشانەکانی لێک جیاکردنەوە

بۆ راستاندن لەسەر بەڵگەنامە، دۆکیۆمێنت، بریکارنامەکان و وێنەکانیان لەلایەن وەزارەتەکان، رەسمی پوڵ بە بڕی هەزار دینار، بۆ هەر راستاندێک وەردەگیرێ، سەرباری رەسمی دیکەی سەپێندراو لەسەر ئەو دیکۆمێنتانە بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان.