هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە
تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدەدرێت
+964
فەرمان سادق
بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت، بۆ ئەمەش پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی هەمواری یاسایەکەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13.2.2023، پەرلەمانی عێراق لەکۆبوونەوەی خۆیدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنی یاسای هەلىژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد و پڕۆژە یاسایەکەشی ئاراستەی لیژنەی یاسایی و لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان کرد بۆ نووسینی سەرنج و تێبینی خۆیان.
ئەمەش لەکاتیکدایە ساڵی 2019 پەرلەمانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دەرکردبوو، بەڵام لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون لەسەر دووبارە کاراکردنەوەی ئەنجومەنەکان.
یاسای ژمارە (12)ـی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ساڵی 2018 دەرچووە و لە 51 مادە پێکهاتووە، وابڕیارە 16 مادەی لێ هەموار بکرێت.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، یەکێک بووە لەخاڵەکانی کارنامەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کە لایەن پێکهێنەرەکانی حکومەت پێشتر رێککەوتنیان لەسەرکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، هەوڵێک هەیە بۆ تێکەڵکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام ژمارەیەک پەرلەمانتار لەگەڵ ئەو تێکەڵکردنە نین ئەگەرچی ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ ئەمە واژۆیان کۆکردۆتەوە.
کوردۆ عومەر، جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان بە تۆڕی964ـی راگەیاند: بڕیاردراوە لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت، بۆ ئەمەش حکومەت و پەرلەمان و کۆمسیۆن کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە بەیەک بازنە بێت، بەم مانایەی سنووری ئیداری پارێزگایەکە بکرێتە یەک بازنە، ئەگەرچی کۆمسیۆن لەگەڵ ئەوەیە خودی هەر پارێزگایەک لەسەر بنەمای قەزاکانی بکرێتە چەند بازنەیەک، بەڵام “ئامادەیی بۆ ئەوە نەکراوە، بۆیە بڕیاردراوە لەسەر ئاستی پارێزگا بێت”.
بڕیاردراوە لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت
ساڵی 2013 دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو جگە لە کەرکوک، لەو کاتەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوەتەوە ئەگەرچی یاسای هەڵبژاردنەکە لە 2018 هەموار کرایەوە، بەڵام هەڵبژاردن نەکرا.
کوردۆ عومەر بە تۆڕی964ـی وت “ئەمجارەیان لە کەرکوکیش هەڵبژاردنەکە دەکرێت، بەڵام بەرێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لایەنە کوردەکان”.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیش، جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان دەڵێ، هەڵبژاردنەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەو واتایەی لە هەر 15 پارێزگاکەی عێراق، لە موسڵەوە تاوەکو بەسرە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، یەکێک لەو خاڵانەی هێشتا ناکۆکی لەسەر هەیە، ئەویش سیستمی جیاکردنەوەی دەنگەکانە کە بەیاسای سانت لیگۆ دەکرێت، بەڵام لەسەر رێژەکە ناکۆکی هەیە کە بە (1.7) بێت یان (1.9).
هەڵبژاردنەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە بەڵام کەرکوک دەگرێتەوە.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کەبوچوونی جیاوازی لەسەرە ئەو هەڵبژاردنەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوەیش تەمەنی خۆکاندیدکردنە، تائێستا سێ بۆچوون هەن ئەوانیش تەمەنی کاندید لە 25 ساڵ، 28 ساڵ یان 30 ساڵ کەمتر نەبێت.
پەرلەمانی عێراق، لە 28.10.2019 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند جگە لەوانەی هەرێمی کوردستان.