لیژنەی بەدواداچوون پێكهێنرا

ئایا یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق جێبەجێ نەكراوە؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی پێکبهێنرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی مەحمود مەشهەدانیی سەرۆكی پەرلەمان لە راگەیاندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بە سەرۆکایەتی خۆی دەرکرد بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی.

ئاماژەیان بەوەش کرد، “لیژنەکە لەلایەن مەشهەدانی خۆیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەخۆدەگرێت”.

“لیژنەکە یازدە ئەندام لە لیژنە جیاوازەکانی ئەنجومەن لەخۆدەگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە، چاودێری جێبەجێکردنی یاساکە، هەروەها هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لیژنەکە راپۆرتێکی خولیی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، دوای گەیشتن بە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە و هەروەها ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەمی.

لە 21.1.2025 هەمواری دوەەمی یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی عێراق پەسند كرا و دەنگی بۆ درا، دواتریش لە 17.2.2025 لە رۆژنامەی واقیعی عێراقی بڵاوكرایەوە، بەڵام جێبەجێكردنی یاساكە هێشتا بە پێی پێویست نییە و لە رۆژانی رابردووش لە بەغدا ژمارەیەك هاوڵاتی، كە كەسوكارییان زیندانیكراون، لە بەردەم وەزارەتی داد گردبوونەوە.

"یاسای لێبوردنی گشتی تاوانبارانی رفاندن و دیلکردنی ژنانی ئێزدی ناگرێتەوە"