لە رۆژهەڵاتی کوردستان
لە رووداوێکی هاتوچۆدا هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش برینداربوو
964+
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش رووداوی هاتوچۆ کارەساتی لێکەوتەوە و لەسەر رێگایەکی نێوان پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری ئەفشین یەگانە سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی مانگی سووری کرماشان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 10.5.2025 لەسەر رێگای حومەیل بۆ ئیلام دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی سەمەند و پراید بەتوندی خۆیان بەیەکدا کێشاوە و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندار بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە رووداوەکە بەشێوەیەک سەخت بووە کە تەرمی بەشێک لە قوربانیان لەناو ئۆتۆمبێلەکان گیریان خواردووە و دوای چەند کاتژمێرێک تیمەکانی مانگی سووری کرماشان توانیویانە دەریانبهێننەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ لە سنووری هەولێریش چەند رووداوێکی هاتوچۆ روویاندا و بەهۆیانەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.