یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان _ وێنە: 964
كاریگەری نمرە لەسەر دەروونی قوتابیان
پەروەردە و فێركردنی كوردستان رەچاوی پۆلێن بەندی قوتابیانی كردووە
964+
محەمەد فاتیح
لەگەڵ نزیكەبوونەوەی تاقیكردنەوەكانی سەری ساڵی خوێندن، 964 بەدواداچونێكی كرد بۆ كاریگەرییەكانی نمرە لەسەر دەرونی قوتابیان و خوێندكاران، لەكاتێكدا زۆرجار هەواڵی خۆكوشتنی قوتابیان بڵاودەكرێتەوە بە هۆكاری ئەوەی نمرەی باشیان بەدەست نەهێناوە.
كۆمەڵناس دارا ئەنوەر زۆراب ئەم بابەتەی بۆ 964 شیكردەوە و وتی،” كاتێك كە خوێندكار دەچێتە ناو پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرچ قۆناغێك بێت، سەرەتایی یان بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگاكان، نابێت پرسی تێپەڕاندنی قۆناغەكەی ببەسترێتەوە بە تاقیكرنەوەكانەوە، بەڵكو دەبێت هەڵسەنگاندنەكان بە شێوازی جۆاروجۆر بێت.
“دەبێت جێبەجێكردنی ئەركی رۆژانەی خوێندكار و چالاكیەكانی لەناو قوتابخانە گرنگی خۆی هەبێت لەگەڵ تاقیكردنەوەكاندا و هەموو ئەمانە لەبەرچاو بگیرێت، فرە دەرگایی بۆ خوێندكاران بكرێتەوە بەمەبەستی سەركەوتنیان، ئەوەیشی ئێستا لە پەروەردە و فێركردنی هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت، جۆرێك لە پۆلێن بەندی هەیە و ئەو هەڵسەنگاندنانە لەبەرچاو گیراوە” دارا ئەنوەر زۆراب واى وت.
قوتابخانەكانی هەرێم
لەلایەن خۆیەوە چۆمان ئەحمەد توێژەری كۆمەڵایەتی تایبەت بە 964ـی وت، “نمرەهێنانی قوتابی كاریگەرییەكی ئەرێنی یان نەرێنی دەخاتەسەر لایەنی دەرونی و پەیوەندییەكانی و ژیانی كۆمەڵایەتی قوتابیان و خوێندكاران، بۆیە پێویسته بەچاوێكی واقیعیانە و تەندروست سەیری ئەمجۆرە كەسانە بكرێت و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكەین”.
ئەو دەشڵێت، ” دەبێت ئەو قوتابیانەی نمرەی باش ناهێنن، رێنمایی دەرونی بكەین و پێی بڵێن چۆن بخوێنێت و رێگەی نیشان بدەین و سەرزەنشتی نەكەین، بە زمانێكی توند هەڵسوكەوتیان لەگەڵ نەكەین چونكە دەبێتە هۆی دواكەوتنیان و متمانە بەخۆبوون لەدەست دەدەن و رووبەڕووی ترس و دڵەڕاوكێ دەبنەوە، بەڵكو دەبێت سەیری خاڵە بەهێزەكانیان بكەین و پێشنیارین بۆ بكەین كە چۆن هەوڵبدەن و هەستنەوە و كەموكوڕییەكانیان پڕبكەنەوە.
هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین قوتابخانەی نمونەییە و لە كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەوپێشچونێكی باشی بەخۆوە بینیوە.
بەپێی پۆلێنكردنی (كیو ئێس)ی جیهانی ئەمریکا باشترین سیستەمی خوێندنی لە جیهاندا هەیە، بەریتانیا لە پلەی دووەمدایە، لە دوای ئەویش ئوسترالیا دێت، دواتر کەنەدا.
سیستەمی پەروەردەی ئەمریکی گرنگی بە فێربوونی پراکتیکی دەدات و هانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە و سەربەخۆ دەدات، ئەمەش وایکردووە ببێتە شوێنێکی خوێندنی بەناوبانگ بۆ خوێندکارانی نێودەوڵەتی.