زانیاری تەواو لەسەر شەڕەكانی نێوانیان لە مێژوودا

شەڕەكەی نێوان پاكستان و هیندستان دەیان كوژراو و بریندار لێكەوتەوە

964+

محەمەد فاتیح

شەوی رابردوو پێنج شوێنی پاكستان لەلایەن هیندستانەوە تۆپباران كران و تا ئێستاش شەڕەكەی نێوانیان بەردەوامە و بەپێی دوایین ئامار، 26 كەس لە پاكستان كوژراون و 46 دیكەش بریندارن و لە هیندستانیش 10‌ كەس كوژراون و 48 كەسیش بریندارن

هێرشەکانی هیندستان بۆ ناو  قوڵایی پاکستان مێژوویەکی دوور و درێژی ململانێی نێوان هەردوو وڵاتمان  بیردەخاتەوە کە لە ماوەی دەیەکانی رابردوودا چەندین شەڕ لە نێوانیاندا روویداوە.

دوایین جار کە هیندستان هێرشی ئاسمانی كردە سەر سنوورەكانی پاكستان ساڵی 2019 بوو، کاتێک فڕۆکەکانی هیندستان هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند ئامانجێک، دوای ئەوەی بەرپرسیارێتی هێرشێكی خۆکوژی بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو خستە ئەستۆی ئیسلامن ئاباد کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 40 سەربازیی هیندستان لەو ناوچەیەدا.

لە ساڵی 1948 یەکەم جەنگی هیندستان و پاکستان سەریهەڵدا، دوای نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕەکە بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی کەراچی لە ساڵی 1949 کۆتایی هات، کە هێڵی ئاگربەستی دەستنیشان كرد.

لە ساڵی 1965 شەڕی دووەمی هیندستان و پاکستان بەهۆی کۆمەڵێک رووداوەوە دەستیپێکرد و شەڕەکە بۆ ماوەی 17 رۆژ بەردەوام بوو و هەزاران کەس لە هەردوولا کوژران، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 1966دا هیندستان و پاکستان جاڕنامەی تاشقەندیان واژۆ کرد و تێیدا هەردوولا بەڵێنیان دا کە خاکە دەستبەسەرداگیراوەکان بگەڕێننەوە و هێزەکانیان بکشێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی 1949.

لە نێوان ساڵانی 1971 بۆ 1972، جەنگی سێیەم لە نێوان هەردوو وڵاتدا سەریهەڵدا، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی کۆماری بەنگلادیش لە مانگی ئاداری ساڵی 1971 و لە ساڵی 1972 هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی شیملە، کە “هێڵی کۆنتڕۆڵ”ی لە کشمیر دیاریی کرد و داوایان کرد سنوورێکی کاتی لە نێوان هەردوولادا دیاریی بكرێت.