هەوای کەرکوک گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و نزیکەی 100 کەس داخلی نەخۆشخانە کران
بەهۆی خۆڵبارین
هەوای کەرکوک گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و نزیکەی 100 کەس داخلی نەخۆشخانە کران
964+
شۆڕش قادری
شەپۆلی خۆڵبارینەکە لە کوردستان تادێت چڕتر دەبێتەوە و هەوای کەرکوکیش گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و نزیکەی 100 کەس داخلی نەخۆشخانە کران.
بەهۆی تۆزو خۆڵەوە کوالێتی هەوا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق لە ئاستێکی خراپدایە، بەپێی پێوانەی ناوەندەکانی چاودێری کەشوهەوا وەک کۆمپانیای (IQ AIR)، هەوای پارێزگای کەرکوک 2649 پلەی تۆمارکردووە لە ناخاوێنیدا بە پێوانەی، “ئەوپەڕی مەترسیدار” لە سەر ئاستی هەموو عێراق پیسترین کەشوهەوایە.
لە سنووری پارێزگای کەرکوک 94 کەس داخلی نەخۆشخانە کراون کە زۆرترینیان لە داقوق و 44 کەسن
سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، “دەمەو ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5.5.2025 شەپۆلە خۆڵبارینەکە لە سنووری پارێزگاکەمان چڕ بووەتەوە و تا ئێستاش لە سنووری پارێزگاکەمان 94 کەس داخلی نەخۆشخانە کراون، کە زۆرترینیان لە داقوق بووە کە 44 کەس و کەمترینیش لە پردێ بووە کە یەک کەسە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی گەڕۆکیان لەناو شاری کەرکوک پێکهێناوە کە لەناو کۆڵان و گەڕەکانی شار دەگەڕێن و کەسێک پێویستی بە فریاکەوتن هەبێ، چارەسەری پزیشکی بۆ دەکەن.
(IQ AIR) کۆمپانیایەکی سویسرییە بۆ پێوانەی کەشوهەوا کە لە ساڵی 2020 دامەزراوە و سەرچاوە پزیشکییەکانیش رێنمایی دەکەن تا دەتوانن خۆتان بپارێزن لەم کەشوهەوایە هەتا شەپۆلی خۆڵبارینەکە تێپەڕدەبێت.