لە ئیدارەی سۆران

رەشەبا ستوونەکانی کارەبای تەختی زەوی کردووە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

بەهۆی باوبۆران و بارانی درەنگانی شەوی رابردوو چەندین ستونی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران کەوتوون و کارێکیان پێهاتووە با بەدەواری شڕی نەکردووە هەروا ستوونی بالابەرزە و بەلادا کەوتووە.

لە گەڕەکی بانەزێوکی قەزای رواندز شەش ستوون و لە ناحیەی گەڵاڵە هەشت ستوون و لە ناحیەی پیرانیش ستونێکی کارەبا کەوتوون، کارەبای سۆرانیش دەڵێت، شەوی رابردوو فیدەرەکانی کارەبامان کوژاندەوە بەڵام ئەمڕۆ کێشەی کارەبا نویە و هەر ئەمڕۆش چاکدەرێنەوە.

ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، بە 964ـی وت،”لە رواندز شەش ستوون بە تەواوی شکاون بەهۆی رەشەبا، لە گەڵاڵەش هەشت ستوون لار بوونەتەوە، ستونێکیش لە پیران کەوتوە، تەلی کارەبا کەوتووەتە سەر زەوی، لەبەر ئەو هۆکارە شەوی رابردوو فیدەرەکانی کارەبامان کوژاندەوە بۆ ئەوەی شۆرتی کارەبا دروست نەبێت”.

وتیشی، تیمەکانمان راسپاردووە هەر ئەمڕۆ  ئەو ستوونانە چاک بکرێنەوە، تەواوی کەلوپەلی پێویستمان لەبەردەستە بۆ چاککردنەوەی ئەو شوێنانەی گرفتیان هەیە.

ئیدارەی سۆران لە شەش قەزاو 13 ناحیەی و زیاتر لە 850 گوند پێکهاتووە و هاوبەشانی کارەبا تا ئێستا لە ئیدارەکە گەشتووەتە 84 هەزار هاوبەش.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

زیانەکانی رەشەبا و باران و تەرزەکەی ئەمڕۆ چیبوون؟

زیانەکانی رەشەبا و باران و تەرزەکەی ئەمڕۆ چیبوون؟