لە خانەقین
منداڵێک لەناو دەغڵ و قامیشی سووتا و گیانی لەدەستدا
964+
ڕاژان باجەڵان – خانەقین
لە گوندێکی سنووری خانەقین لەناو ئاگری دەغل و قامیشی نزیکی ماڵیان منداڵێک سووتا و گیانی لەدەستداوە.
بەیانی ئەمڕۆ 4.5.2025 رووداوەکە روویداوە و لە گوندی گوبیە لە ناوچەی قۆڵایی منداڵێک چووەتە ناو ئاگرێک کە لە نزیکی ماڵیان کرابوویەوە بۆ سوتاندنی قامیش و دەغڵ و دیار نەماوە کەتێک ئاگرەکەیان کوژاندووتەوە منداڵەکەی بە سووتاوی تیادا بووە.
دکتۆر شوان شاکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ـی وت، تەرمی منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ بە ناوی (هـ.ی.ق) ئەمڕۆ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە کە تەواوی جەستەی سووتاوە و سووتاویەکەی پلە یەک بووە و گیانی لەدەستداوە، ئێستاش پاش تەواوکردنی رێکارەکان تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی بەعقوبە کراوە.
بە پێی قسەی شایەتحاڵەکان لە کاتی رووداوەکە ئەو منداڵە بە دزی کەس و کاریەوە چووەتە ناو ئەو شوێنە و کەس ئاگای لێنەبووە تا ئاگرەکە کوژێنراوەتەوە بە تەواوی، بەڵام پۆلیسی خانەقین لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی چۆنییەتی روودانی ئەو رووداوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی