پاشماوەی مریشک لە گەڕەکی قەسابخانەکەی پێنجوێن - وێنە: 964
جوتیارێک بەکاری هێناوە
بۆنە ناخۆشەکەی پێنجوێن پاشماوەی مریشک بوو
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
سێ شەو بوو بۆنێکی ناخۆش کە هی پاشماوەی مریشک بوو دانیشتوانی “گەڕەکی قەسابخانەکە” و بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی پێنجوێنی هەراسان کردبوو، درەنگای شەوی رابردوو توانرا سەرچاوەکەی بدۆزرێتەوە.
دەرکەوتووە، کابرا جوتیار بووە پاشماوەکەی هێناوە، بەشێکی زۆری جوتیاران بۆ کاری کشتوکاڵی پاشماوەی مریشک بەکاردەهێنن، چونکە بۆ پێکهاتەی خاک سوودی هەیە.
ئەمڕۆ هەینی 2.5.2025، هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ی وت، خەڵکی ئەو ناوچانە سکاڵایان بۆ هێناون لە بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش، شەوی رابردوو ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو سەرچاوەی “بۆنە ناخۆشە” پاشماوەی مریشک بووە و کەسێک لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکەی دایناوە بۆ بڵاوکردنەوە.
شەوی رابردوو یەکسەر پۆلیس چووەتە جێگاکە و خاوەنەکەیان دۆزیوەتەوە، قایمقام وتی، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر و پاشماوەکەشی پێ لابراوە، چونکە بۆ زەوی کشتوکاڵیش بووە پێ دەچێت هەر بەو لابردنە رزگاری ببێت لە کارەکەی و سزانەدرێت.
پاشماوەی کشتوکاڵی مریشک بۆ زەوی کشتوکاڵی بەسوودە و جوتیاران ساڵانە بۆ بەهێزکردنەوەی زەوییەکانیان لەبری ماددەی کیمیاوی ئەوە بەکاردەهێنن.
دەستکەوتنی ئەو پاشماوە لە دەواجینەکانەوەیە و بەهۆی زۆری خواستیشەوە جوتیارانی پێنجوێن لە دەواجینەکانی سلێمانی و شارباژێڕەوە هاوردەی دەکەن، بەڵام تا ئەو ساتەی بڵاونەکرێتەوە بۆنێکی قورس و ناخۆشی هەیە و بۆ دووری چەند کیلۆمەترێکیش بڵاو دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مسەفا