رووداوەكانی یاریگەی نەورۆز

نەورۆز و زاخۆ و جەماوەرەكەیان زۆر بە قورسی سزادران

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لیژنەی رێككاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بڕیاری توندی دەركرد و زۆر بە قورسی هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆی سزا.

لیژنەی رێككاری دەڵێت، لە ژێر رۆشنایی ئەو رووداوانەی کە لە یارییەکەی نێوان تیپەکانی نەورۆز و زاخۆ روویاندا، لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەكانی عێراق، کە لە (80) خولەکدا بەهۆی ئاژاوەی جەماوەرەوە یارییەكە راگیرا، ئەم بڕیارانە دەرچوون:

1- قەدەغەکردنی هاندەرانی یانەکانی نەورۆز و زاخۆ بەشداری لە ئامادەبوون لە یاریگاکانی خۆیان تا کۆتایی وەرزی (2024-2025).

2- غەرامەکردنی هەریەكە لە یانەكان بە 25 ملیۆن دیناری عێراقی، بە پشتبەستن بە مادەی (49/1/2/A) لە پەیڕەوی رێككاری و رەوشت.

3. تەواوکردنی یارییەکە لە خولەکی (80)ەوە لەسەر یاریگەیەکی بێلایەن کە لەلایەن لیژنەی پێشبڕکێیەکانەوە دیاریی دەكرێت.

4- ئاگادارکردنەوە و راگرتنی سەرپەرشتیاری یارییەکە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی تا کۆتایی وەرز، بەهۆی خراپی هەڵسەنگاندنی ئەمنی.

5. پابەندکردنی یانەكانی هەرێمی كوردستان بە دابینکردنی پاراستنی ئەمنیی گونجاو و شیاو بەپێی رێساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا.

6- پێدانی مافی ئەوەی بە برینداران داوای یاسایی تۆمار بکەن، بۆ داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی.

یاریی نێوان نەورۆز و زاخۆ رۆژی 22.4.2025،  لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی كرا و بە شەڕ و ئاژاوە تەواو نەكرا و بەهۆی رووداوەكانەوە 62 كەس لە هاندەر و پۆلیس بریندار بوون.

نهێنییەكانی هەڵوەشاندنەوەی یارییەكەی نەورۆز و زاخۆ ئا...

نهێنییەكانی هەڵوەشاندنەوەی یارییەكەی نەورۆز و زاخۆ ئاشكرا كران