"رەچاوی ژینگەدۆستی و کەمخەرجی کراوە"
وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە تۆمارکردنی تاکسی نوێ بڕیاری دا
964+
شۆڕش قادری
دوای چەندین ساڵ، وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە تۆمارکردنی تاکسی نوێ بڕیاری دا و رێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2025ـی تایبەت بە تۆمارکردنی تاکسی نوێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنیان وەک تاکسی دەبێت، لەوانە، ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنیا بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە غازی شل (LPG) کار دەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ،ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەک تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەک هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.
بەپێی رێنماییەکە، هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبێلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.
رەنگی تاکسی نوێ هەمان رەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر رەنگێکی پەسندکراو جگە لە رەنگی تاکسی.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردە کراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی و ژینگەیی تێدابێت، کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە 7ـی ساڵی 2021ـی هەموارکراودا دیاریکراون، تەنیا ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.
لە رێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، 74 جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین، 89 جۆر وەک پاشکۆ دیاریکراون کە رێگاپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.
دەقی رێنماییەکە لەم لینکەدا بخوێنەوە.