لە بەیروت
بیرۆكەی پێكەوەژیانی هەرێم بووەتە جێگەی بایەخی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی
964+
محەمەد فاتیح
پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان بووەتە نمونەیەكی جوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە كۆنگرەی هەرێمایەتی بۆ ئازادیی ئايین و باوەڕ كە لە لوبنان بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بەڕێوەدەچێت، بووەتە جێگەی بایەخی ئامادەبووانی كۆنگرەكە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28.4.2025 مەریوان نەقشبەندی شارەزا لە کاروباری ئایينەکان و ئەندامی کۆنگرەکە لە نێو كۆنگرەكەوە باسی لە كارەكانی كرد و بۆ 964 دوا، “حەوت كەسایەتی كورد لە حەوت ئایينی جیا لە كۆنگرەكەدا بەشدارین، كه لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە بەشداری 70 کەسایەتی لە 15 دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دەستی بە کارەکانی کردووه، بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئازادی بیروباوەڕ و ئایین لەو ناوچانەدا”.
“لە كۆنگرەكەدا چەندین بیرۆكەی گونجاو لەلایەن نوێنەرانی كوردەوە خرایەڕوو، نموونەی ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، كە بووە جێگەی بایەخیان، هیوادارين ئێمەش سوود لە ئەزمونی وڵاتانی تر وەربگرین”، مەریوان نەقشبەندی واى وت.
بە ئامادەبوونی باڵیۆزی نەرویج لە لوبنان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی دەزگای ئەدیان (د.نایلا تەبارە) و نوێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ستیڤانوس کۆنگرەی ئازادی ئابین و باوەڕ لەبەیروتی پایتەختی لوبنان بە بەشداری 70 کەسایەتی لە 15 دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا ئەمڕۆ دەستی بەکارەکانی کرد و سبەینێش بەردەوام دەبێت.