زیاتر لە 10 رۆژە ئاوەكەی بەفیڕۆ دەڕوات 

هێڵی دابەشكردنی ئاوی كارێزەوشكی سلێمانی لە سێ شوێنەوە شكاوە 

964+

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ دەبێت، هێڵی دابەشكردنی ئاوی كارێزەوشك لە ئاستی گەڕەكی كانی كوردەی سلێمانی شكاوە و تیمەكانی ئاوی سلێمانیش سەرقاڵی چاككردنەوەین.

هێڵەكە، تۆڕێكی گەورەی دابەشكردنی ئاوی بەشێكی زۆر لە گەڕەكەكانی سلێمانییە و بەهۆی هەوراز و نشێویەكی زۆری گەڕەكەكەوە، كەوتووەتە قوڵاییەكی زۆرەوە و چاككردنی قورسە.

محەمەد تۆفیق، دانیشتویەكی گەڕەكی كانی كوردەیە و لەكاتی وێنەگرتنی شكاوی تۆڕی ئاوەكە، هاتەلای پەیامنێری 964 وتی، بەداخەوە ماوەیەكی زۆرە ئەو ئاوە بەفیڕۆ دەڕوات و چاككنەكراوە، كەهاتمە ئێرە بینیم وێنەت دەگرت، دڵخۆش بووم كە وامزانی تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاون بۆمان چاكدەكەن.

ئەو هاوڵاتییە دەشڵێت، تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بەردەوام چاكسازی تێدا دەكەن، بەڵام تۆڕی ئاوەكە زۆر كۆنە و هەر زوو بۆڕییەكان دەشكێتەوە، زۆرجار نیگەران دەبم دەبینم كەئاوەكە ئاوا بەهەدەر دەڕوات و داوا دەكەین چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بكرێت.

لەبارەی چاكسازی لەتۆڕی ئاوەكە، ئامانج جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە 964ی وت، “خەمڵاندنێكمان بۆ تۆڕی ئاوەكە كردووە و چاوەڕێی ئەوەین بودجەیەكی بۆ تەرخان بكرێت، بۆئەوەی سەر لە نوێ تۆڕەكە نوێ بكەینەوە”.

ئەو وتەبێژە باسی لەوەشكرد، تۆڕی ئاوەكە كۆن بووە و كەوتووەتە قوڵاییەكی زۆرەوە، كە زۆرجار دەگاتە نزیكەی 5 مەتری ژێر زەوی، بۆیە تیمەكانی چاكسازی ئاوی سلێمانی هەموو جارێك بەهیلاكەت دەچن تا چاكسازی تێدا دەكەن.

“لەئێستادا تیمەكانی چاكسازی سەرچنار، لەهەوڵدان بۆڕییەكە بە كاتی چاكبكەنەوە تا ئەوكاتەی تۆڕەكە بەتەواوی نوێ دەكرێتەوە” وتەبێژی ئاوی سلێمانی وای وت.

بۆرى ئاوى گەڕەکێکى گەورەى چەمچەماڵ شکا

بۆرى ئاوى گەڕەکێکى گەورەى چەمچەماڵ شکا