لە سنووری پارێزگای هەولێر
30 هەزار سەگی بەرەڵا گوازراونەتەوە شێڵتەر
964+
ژێوار خدر
هەڵمەتی کوکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنووری ناحیەی بەحرکە بەردەوامە و تا ئێستا نزیکە 250 سەگ کۆکراونەتەوە و براون بۆ شێڵتەرەکان.
چرۆ حسێن، راگەیاندنی شارەوانی بەحرکە بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا لە سنووری بەحرکە چوار بۆ پێنج هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانەمان ئەنجام داوە و لە هەر یەکێک لەو هەڵمەتانەشدا 50 بۆ 70 سەگمان کۆکردووەتەوە و ناردوومانن بۆ شەڵتەری سەگی بێ لانە لە هەولێر.
وتیشی، هەڵمەتەکەمان بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک پەیوەندیمان پێوەبکات لە هەر شوێنێکی سنووری ناحیەکەمان، ئێمە دەڕۆین و سەگەکان دەگوازینەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەو تیمەی کە سەگەکان کۆدەکەنەوە، کەسانی راهێنراون و بەهیچ شێوەیەک ئازار بە سەگەکان ناگەیەنن لە کاتی گواستنەوەیان.
بۆ وەرگرتنی ئاماری کۆکردنەوەی سەگی بێ لانە لە سنووری پارێزگای هەولێر 964 پەیوەندی بە ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێرەوە کرد، ئەو وتی، تاوەکو ئێستا لە سەنتەری پارێزگای هەولێر 16 هەزار سەگ و لە دەرەوبەریش 14 هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە و گوازراونەتەوە بۆ شێڵتەر.
روونیشیکردەوە، تا ئێستاش هەڵمەتەکانمان بەردەوامن و رۆژانە لە سەنتەری شاری هەولێر دوو تیم کار دەکەن و 40 بۆ 50 سەگی بێلانە کۆدەکەنەوە و دوای گواستنەوەشیان بۆ شێڵتەرەکان، سەگەکان لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دەدرێت و نەزۆک دەکرێن، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی ژمارەی سەگی بێلانە لە ناوچەکە.