وەزیری رۆشنبیریی عێراق بانگهێشتنامەی پێشكەشی سەرۆكی سوریا كرد
هەندێک لایەن ناڕازین
ئەحمەد شەرع بە فەرمی بانگهێشتی لووتكەی عەرەبی لە بەغدا كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری رۆشنبیریی عێراق خۆی چووە دیمەشق و بانگهێشتنامەی پێشكەشی سەرۆكی سوریا ئەحمەد شەرع كرد، بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی عەرەبی.
وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەواری عێراق، ئەمڕۆ وێنەی ئەحمەد فەكاكی وەزیری بڵاوكردەوە، كە لە سوریا بانگهێشتنامەی فەرمی پێشكەشی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا كرد، بۆ ئەوەی لە لووتكەی عەرەبی لە بەغدا ئامادەبێت، كە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ 27.4.2025 وەزیری رۆشنبیری ئەحمەد فەكاك لە دیمەشق بانگهێشتنامەی پێشكەشی سەرۆكی سوریا كرد بۆ بەشداریكردن لە لووتكەی عەرەبی لە بەغدا، كە لە 17ی مانگی ئایار بەڕێوەدەچێت.
ئەم پێشهاتە لە كاتێكدایە، بەشێك لە لایەنە شیعییەكانی عێراق، رایانگەیاندبوو رازیی نین ئەحمەد شەرع بێتە بەغدا و بیروڕای جیاوازیان لە بارەی هاتنی سەرۆكی سوریا بۆ عێراق هەبوو.