لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە
دوای سێ ساڵ تۆمەتبارێکی دەستگیرکرا
964+
ژێوار خدر
پێش سێ ساڵ کەسێکی کوشت و بۆی دەرچوو، وایزانی تا سەر بۆی دەچێتە سەر و کەس بیری نامێنی چی کردووە، ئێستا گەڕایەوە بۆ هەولێر و پۆلیسیش بێ یەک و دوو دەستگیری کرد.
ئەمە چیرۆکی ئەم پیاوەی کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ چەند کەسێک بوو بە دەمەقاڵی و پەلی کێشا بۆ توندوتیژی و کەسێکی کوشت، دواتریش گورج بۆی دەرچوو.
پۆلیسی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.4.2025 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، لەو کاتەوە چاودێری ئەو کەسەیان کردووە، کە پێش سێ ساڵ دوای کوشتنی کەسێک هەولێری جێهێشتووە و ئێستاش کە گەڕاوەتەوە بۆ هەولیر دەستگیرییان کردووە.
دەشڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنەکەیدا تۆمەتبارەکە چەکێک لە جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەیەکیشی پێبووە و دەستیان بەسەردا گیراوە.