وێنەی بەشێك لە بریندارەكانی یاریگەی نەورۆز، فۆتۆ: تەندروستی سلێمانی
تەندروستیی سلێمانی
62 هاوڵاتی لە یارییەكەی نەورۆز و زاخۆ بریندار بوون
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئاشكرای كرد، لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی یاریگەی نەورۆز 62 هاوڵاتی برینداربوون.
تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23.4.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، شەوی رابردوو لە كاتی بەڕێوەچونی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ لە یاریگەی نەورۆز لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەرانی هەردوولا دروست بوو، بە هۆیەوە 62 هاوڵاتی بریندار بوون.
“لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا چارەسەری پێویست بۆ 25 بریندار كرا لە شوێنی رووداوەكە لە یاریگەی نەورۆز و 27 برینداریش بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و 10 برینداریش لەلایەن كەسوكاریان هێنران بۆ نەخۆشخانە”، تەندروستیی سلێمانی وادەڵێت.
ئاماژە بەوەش دەكەن، دوای ئەو رووداوە، لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەرجەم بەشەكانی فریاكەوتن خرانە حاڵەتی ئامادەیی بۆ پێشوازیكردن لە برینداران و چارەسەركردنیان، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەكان كرا و نەشتەرگەری بۆ بریندارێكیش ئەنجام درا.
هەروەها ئەوەشیان راگەیاندووە، سەرجەم بریندارەكانی یاریگەی نەورۆز گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و تەنیا یەك بریندار نەبێت لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، كە نەشتەرگەری بۆ كراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.
شەوی رابردوو لە یاریی نەورۆز و زاخۆ لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی، شەڕ و بەیەكدادانی توند لە نێوان هاندەرانی هەردوولا روویدا و یارییەكەش تەواو نەكرا.