ژنان دەبنە پاڵەوانی خزمەتکاران
بۆ هیچ پیاوێک مەگەڕێ لێرە تەنیا ژن دەبینیت
964+
چاوان خەلیل
لە جیهانێکدا کە زۆرجار ژنان چاوەڕوانی و بێدەنگی هەڵدەبژێرن چوار ژنی کورد بوێرانە لە رێگای تەختەی شانۆ بە دەنگی بەرز چیرۆکی چینی هەژار و بۆرجواز و خزمەتکاران دەگەیەنن.
ئاڵا غازی، هەشت ساڵە دایکایەتی دایبڕاندووە لە شانۆ و کاری هونەری، ئەما دایکایەتی هێندە بەهێزی کردووە، هەرچی قوەتی خۆیەتی کۆیکردووە و بوێرانە هاتووەتەوە مەیدانەکە بۆ بەرهەمهێنانی شانۆیی خزمەتکاران لەگەڵ سێ ژنە شانۆکاری تر، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ بەشدارن و دەیانەوێت لە رێگای ئەم شانۆییەوە جوانی و هێز ژن نیشان بدەن.
ئاڵا غەزی دەرهێنەر بۆ 964 وتی، ساڵانێک وەک ئەکتەر کارم دەکرد، دەمویست هەموو توانای خۆم کۆبکەمەوە و وەک دەرهێنەرێک ئەمجارە هێزی خۆم نیشان بدەم، تەواوی ستافەکەش ژنین، تا چیتر ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگا نەمێنێ و بە لاوازی سەیری ژنان نەکەن.
کاتێک ژن لەسەر تەختی شانۆ دەوەستێ، راستەوخۆ رووبەرووی ئەو بیروبۆچوونانە دەبێتەوە کە سنورداری دەکەن بەڵام ئەمڕۆ ژنانی کورد هونەر دروست دەکەن لە کاتێکدا ساڵانێک ژنان گەورەترین کەلێن بوون لە شانۆ کوردیەکاندا و پیاوان رۆڵی ژنیان دەگێڕا
دەوترێت هێز لە یەکگرتندایە ئەم چوار ژنە شانۆکارەش لە دهۆکەوە یەکیان گرتووە و کەیف خۆشن بەم دەستکەوتەیان هیواخوازن رێخۆشکەر بن بۆ ژنان و کچانی تر تا دەرگاکەیان بۆ واڵا بکەن.