هەولێر

گەنجێک بە هۆی پەلاماری سەگەوە گیانی لەدەست دا

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

گەنجێكی هەولێر ئەم ئێوارەیە گیانی لەدەست دا، كە لە شەوی جەژنی رەمەزانی رابردوو سەگ پەلاماریدابوو.

گەنجەكە خێزاندارە و تەمەنی 25 ساڵە، بەهۆی پەلاماری سەگەوە تووشی ژەهراویبوونی مێشكی ببوو، ئەم ئێوارەیە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، ئەمە بە قسەی كەسێكی نزیكی ئەو گەنجە.

رەمزی عەبدوڵا، کەسوکاری گەنجەكەیە و بە 964ی، وت، رووداوەکە لە گوندی کۆرەکی گچکە بووە، لە یەکەم شەوی جەژن، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە کە تەنیا کەمێک سەری زامدار کردبوو، دکتۆرەکان چارەسەریان بۆ نووسیوە و رەوانەی ماڵەوەیان کردووە.

باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ دوای زیاتر لە بیست رۆژ، بە هۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی دووبارە سەردانی نەخۆشخانە دەکاتەوە و دکتۆرەکان پێی دەڵێن مێشکی ژەهراوی بووە و کار لە کار ترازاوە، دوای مانەوەی چوار کاتژمێر گیانی لەدەستداوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا