باران نییە و كارەباش كەمە

جوتیارانی سنووری قوشتەپە: ماڵوێران و رەنج بە خەسار بووین

+964
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

ئەم وەرزەی كشتوكاڵ خۆی كەم باران باریوە، لەولاشەوە حكومەت كارەبایەكی باشی بە جوتیارانی سنووری قوشتەپە نەداوە تا زەوییەكانیان بە ئاوی بیر ئاو بدەن، بۆیە وەك جوتیارانی سنوورەكە دەڵێن، ماڵوێرانن و رەنج بە خەسار بوون.

عومەر بندیان، جوتیارێکی گوندی قورشاغلوە لە سنووری قەزای قوشتەپە، بە 964ی وت، “جوتیاران زۆر مەغدورن، بە تایبەت ئەمساڵ، ئەوانەی زەوییەكانیان دێمییە، بەڕاستی ماڵیان وێران بوون، ماندووبوونێکی زۆریان كرد بە بێ ئەوە هیچیان دەست بکەوێتەوە”.

وتیشی، ئەوان چاویان لەوەیە حکومەت بنەتۆیان بۆ بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوە هیچ نەبێت کەمێک زەرەرەکەیان کەمتر بێتەوە و بتوانن وەرزی داهاتوو زەوییەكانیان دابچێننەوە”.

ئەحمەد محەمەد، یەکێکیترە لە جوتیارەکانی سنوورەكە و بە 964ی، وت” ئەو رۆژانەی کارەبا نییە 500 هەزار دینار تێچووی ئەو زەویانەیە، کە ئاودێری بۆ دەکرێت، ئێستا کارەبا لە گوندەکە رۆژێک نا رۆژێکە”.

باسی لەوەش کرد، “لە هەر دۆنمێک 100 هەزار دینار خەرجیی زەوییەکانە، هیچ بڕە پارەیەکیش شوێنی ناگرێتەوە، ئەمساڵ هەندێک زەوی بە کەڵکی ئاژەڵیش نایەن”.

زەوییەكانی سنووری قەزای قوشتەپە و دەشتی هەولێر بە شێوەیەكی فراوان پشت بە ئاوی باران دەبەستن، ئەمساڵیش باران زۆر كەم باریوە، هەر بەهۆی ئەمەشەوە ئاستی ئاوی بیرەكانیش دابەزیوە و بە گشتی زیانیكی زۆر بە جوتیارانی سنوورەكە كەوتووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

به‌شێكى‌ گه‌نمى چێندراوى دهۆك

به‌شێكى‌ گه‌نمى چێندراوى دهۆك "سن" لێیداوه‌ و كشتوكاڵیش خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنه‌