سەرقاڵى بەرهەمهێنانى درامایە بە مۆبایل
کاروان ئاوات و شەهێن جەمال گەڕاونەتەوە بۆلاى یەکترى
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
کاروان ئاواتى دەرهێنەر، لەئێستادا سەرقاڵى دەرهێنانى درامایەکى 30 ئەڵقەییە کە بە مۆبایل تۆمار دەکرێت، بۆ 964یش ئاشکراى دەکات کە لەگەڵ شەهێنى هاوسەرى گەڕاونەتەوە بۆلاى یەکترى و پێکەوە دەژین.
کاروان ئاوات لە لێدوانێکدا لەبارەى کارەکەى بە 964ـى وت،”تۆمارکردن و بەرهەمهێنانى درامایەکى 30 ئەڵقەیى کە بە مۆبایل کارى وێنەگرتنى بۆ بکرێت، ئەزمونێکى نوێیە، تائێستاش دوو ئەڵقەیان لێ تۆمار کردووە”.
وەک باسى دەکات، ژمارەیەک ئەکتەرى دیار بەشدارى دەکەن و هەر ئەڵقەیەکیش تایبەتە بە کێشەو گرفتێکى کۆمەڵگە، هەم بە کۆمیدى و هەم بە تراژیدى نواندنى بۆ دەکرێت.
پێم باشە ئەگەر شەهێن جەمال بیەوێت بەشدارى بکات
964 پرسیارى ئەوەى لێکرد کە ئایا شەهێن جەمالى هاوسەرى بەشدارى دەکات، ئەو وتى،”تائێستا باسى نەکردووە، بەڵام ئەگەر پێى باش بێت حەزدەکەم بەشدارى بکات”.
ئەو دوو هاوسەرە ماوەیەک لەمەوپێش بەهۆى دروستبوونى کێشەیەکەوە لەیەکترى تۆران، بەڵام وەک بۆ 964 ئاشکراى کرد، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆلاى یەکترى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح