بەکەمتر لە دوو کاتژمێر
27 جار گوندەکانى بەرى گارەى ئامێدى بۆردوومانکران
964+
وریا فەتاح
لەماوەى کەمتر لە دوو کات کاتژمێر، 27 جار گوندەکانى بەرى گارەى سنوورى ئامێدى بۆردوومانکران.
کامەران عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوىى CPTـى ئەمەریکى بە 964ـى وت،”لە کاتژمێر 2:15 خولەک تاوەکو 3:45 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینى 18.4.2025،، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 27 جار تۆپبارانی گوندەکانی “سپیندارێ، گرگاشی، مژێ و کەفنە مژێ”ـی لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کردووە”.
وەک باسى دەکات، تۆپبارانەکان لە کاتێکدابوون کە بەشێک لە هاوونیشتیمانییان بۆ گەشت و سەیران روویان لە ناوچەکە کردبوو.
” سێ رۆژە هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چیای گارە و گوندەکانی دەووروبەری چڕبوونەتەوە، بەڵام هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی”، کامەران عوسمان واى وت.
ئەو گوندانە لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنەکانى ساڵى رابردووى سوپاى تورکیا، دانیشتوانەکە گوندەکانیان چۆڵکردووە، ئێستا خەڵک بە رێگەپێدانى حکومەتى هەرێم لە کاتژمێر 8 بۆ 4ـى ئێوارە بەمەبەستى کشتوکاڵکردن دەگەڕێتەوە.
CPT یاخود “تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵگە” رێکخراوێکی ئەمریکییە و لە چەند وڵاتێکى جیهان تیمیان هەیە و لە بوارە جیاوازەکانى مافى مرۆڤدا کار دەکەن، تیمى کوردستانى رێکخراوە سەرنج و پڕۆژەکانیان لەسەر ئەو بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانەیە کە دەکرێتە سەر خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.