ئەمە سێیەم هەڵمەتی خوێن بەخشینیانە
پۆلیسی زاخۆ قۆڵیان لێ هەڵماڵی و بانکی خوێنیان ئاوەدان کردووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
پۆلیسەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ قۆڵیان هەڵماڵی و 120 بوتڵ خوێنیان بەخشی بە بانکی خوێن.
ئەمرۆ پێنجشەممە 17.4.2025 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی زاخۆ 120 بوتڵی خوێن لە جۆری جیاواز پێشکەش بە بانکی خوێنی زاخۆ کرا و بانکەکەیان ئاودان کردەوە و کێشەیەکی ئەوتۆی خوێن نەما.
سێیەم ساڵی بە دوای یەکە پۆلیسی زاخۆ ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە ئەنجام دەدەن بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی بانکی خوێنی زاخۆ.
عەقید نزار سلێمان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، دوای ئەوەی زانیمان بانکی خوێن پێویستی پێیەتی، ئەرکە مرۆیەکەمان بەجێگەیاند و بۆ سێیەم ساڵ سەرجەم کارمەندەکانمان ئەوەی لەتوانایدایە دەستپێشخەرییان کرد و بەشداری هەڵمەتەکەیان کرد.
لای خۆیەوە د. سیروان ئەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی زاخۆ لەسەر ئەم هەڵمەتە سوپاسی پۆلیسی زاخۆی کرد و وتی، بێگومان نەخوشخانەی فریاکەوتن بەگشتی و لە دایکبوون بەتایبەتی سودێکی زۆر لەم هەڵمەتە وەردەگرن.
لەسەر پرسی ئەوەی بەنکی خوێنی زاخۆ لەچ دوخێکدایە، ئەبوبەکر ئوسمان بەڕێوەبەری بانکی خوێنی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند ، بانکی خوێن بەردەوام پێویستی بە خوێن و هەڵمەتی خوێن بەخشینە، رۆژانە هاوڵاتیان دێن بۆ خوێن بەخشین و یەدەگی بانکی خوێن باشە، بەڵام تا زیاترمان هەبێت گەرەنتی باشترە و سوپاسی پۆلیسی زاخۆ دەکەن بۆ هەڵمەتەکەیان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی