راچڵەکینی گۆڕەکان
ئەو لاواندنەوەیەی هەمووانی گریاند پاش 17 ساڵ 964 خاوەنەکەی دەدۆزێتەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
کوڕە گەنجێک لە دۆڵی بالیسان و لە یادی کیمیابارانی ناوچەکە، ساڵی 2008 بە لاواندنەوەیەک هەمووانی خستە گریان، هەرچەندە سۆشیال میدیا بەم شێوەیەی ئێستا لەوکات بەربڵاو نەبوو، بەڵام لاواندنەوەکە بەخێرایی کەوتە گوێ و زاری خەڵک.
ئەو کات خەڵکی لە رێگای بلوتوزی مۆبایلەکانیان بۆ یەکتریان دەنارد.
لە دوای 17 ساڵ، ئەو گەنجە کە لە شانۆگەریی، “راچڵەکینی گۆڕەکان” ئەو لاواندنەوەی پێشکەش کرد، لە 964ـەوە چیرۆکی ئەو لاواندنەوەیە باس دەکات، کە ئەمە بەشێک بووە لە شانۆگەرییەکە و لەوێ نمایش کراوە، پەیامەکەش نیشاندانی خەم و کۆژانەکانی خەڵکی ناوچەکە بووە.
ئەدیبە عوسمان، دەرهێنەری شانۆیی راچڵەکینی گۆڕەکانە، بۆ 964 باسی چیڕۆکەی لاواندەوەکە دەکات و دەڵێت، لاواندنەوەکە چێرۆکێکی واقیعی خەڵکی بالیسان بوو کە بە جۆرێک نووسیبوم، واقیعی ژیانی ساڵی 2008 و ژیانی ساڵی 1987م بەیەکەوە بەستەوە لە ماوەی 10 خولەکدا نەهامتییەکانی ژیانی ئەو خەڵکەمان نیشان دا.
لە رێگەی ئەو شانۆییەوە توانراوە ژمارەیەک خزمەتگوزاری بۆ بالیسان جێبەجێ بکرێ، جیاواز لەوەی هێڵی ئینتەرنێتی پێ گەیەنەدراوە و مۆنۆمێنت دروست کراوە.
خۆشناو مام نوری، ئەو گەنجەیە کە لاواندنەوەکەی وتووە، بە 964ی وت، ئەو کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، خەڵکێکی زۆریش ئامادە بوون و لە یادەکە بە لاواندنەوەکە هەموویان گریان.
گرتە ڤیدیۆیی کاتی پێشکەشکردنی مەراسیمەکە بە کوالێتییەکی تاڕادەیەک کەم بەردەستە، ئێستاش خەڵکانێک یادەوەرییان هەیە و کۆژانەکانی خۆیانی پێ دەناسنەوە، ئێستا خۆشناو کاسبکارە و خێزاندارە لە ناوچەی حاجیاوای ئیدارەی راپەڕین نیشتەجێیە، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی سێ کچە.
وەک ئەوەی خۆشناو باسی دەکات، ئەوان کەسیان ئەکادیمی نەبوون لە بواری شانۆ و ژانرە هونەرییەکان، لەگەڵ ئەوەش تەنیا پێنج رۆژ پێش شانۆییەکە خۆیان ئامادە کردووە، بەڵام چونکە خەڵکی ناوچەکە بوون، لە موعاناتی خەڵکەکە تێگەیشتوون و توانیویانە زۆر بە باشی رۆڵی خۆیان ببینن.
38 ساڵ بەر لە ئێستا، لە 16.4.1987، بۆ یەکەمجار رژێمی بەعس، چەکی کیمیایی لە دژی دانیشتووانی بالیسان و شێخ وەسانان بەکارھێنا، لە ساڵی 1988 جارێکی دیکە هەردوو شوێنەکە
کرانەوە، بەهۆیەوە 288 ھاوڵاتی مەدەنی شەھیدکران و زیاتر لە 300 کەسیش بە کاریگەریی ئەو چەکە برینداربوون، کە بەشێکیان تائێستاش چارەسەر وەردەگرن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا