لە یاریی تۆپی پێدا

دهۆک بوو بە پاڵەوانی یانەکانی کەنداو

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە یاریی گەڕانەوەی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، یانەی دهۆك بە بردنەوەی لە یانەی قادسیەی كوێتی، بۆ یەكەمجار بووە پاڵەوان و نازناوەكەی بەدەستهێنا.

یاریی گەڕانەوەی كۆتایی ئەم ئێوارەیە لە كەشێكی سارد لە یاریگەی دهۆك بە ئامادەبوونی زیاتر لە 25 هەزار هاندەر كرا و تێیدا یانەی دهۆك بە 2-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.

گۆڵەكانی دهۆك سیابەند عەگید و مارلۆن دۆس سانتۆسی پیشەگەری بەڕازیلی تۆماریان كرد، گۆڵەكەی قادسیە ئیسماعیل خافی تۆماری كرد.

ناوبژیوان لە كۆتاییەكانی یارییەكەدا 11 خولەكی زیادكراوی ژمارد و لە دواستەكانیش پیتەر گۆرگیسی یاریزانی دهۆكی بە كارتی سوور دەركرد، بەڵام لە كۆتاییدا ساتە مێژووییەكە هات و یانەی دهۆك یارییەكەی بە 2-1 گۆڵ بردەوە و نازناوەكەی بەدەستهێنا.

یاریی چوون لە کوێت کرا و هەردوو تیپ بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.

دهۆك یەكەمجارە دەبێتە پاڵەوانی نازناوێكی دەرەوەی عێراق و پاڵەوانیەتیی یانە پاڵەوانەكانی كەنداویش ئەمساڵ بۆ یەكەمجار دوای وەستانی 10 ساڵ، بە شێوازێكی نوێ دەستیپێكردەوە، كە هەشت یانە بەشداربوون.