بووە بە بڕیاری وزاری

چەند بڕیارێک لە پەروەردەوە؛ گرێبەستەکان ناونیشانیان دەبێ

964+
ئەحمەد مستەفا

بۆ رێکخستنەوە و دیاریکردنی ناونیشانی مامۆستایانی گرێبەست، چەند بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرا، ئیتر ئەوانیش ناونیشنایان دەبێ.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمانێکی وەزاری، کە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، بڕیاریداوە ئەو مامۆستایانەی لە قۆناغی ئامادەیی دەوام دەکەن، ناونیشانی مامۆستای ئامادەیی وەردەگرن.

ئەو بڕیارە، دەرچووانی کۆلێژی پەروەردە و پەیمانگەکان ناگرێتەوە.

هەروەها، هەموو ئەو مامۆستایانەی کە دەرچووی کۆلێژی پەروەردەن و لەئێستادا لە قۆناغی بنەڕەتین، لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان تا دوو ساڵ، بە دانانی کاتی لەو قۆناغە بمێننەوە لەسەر بنەمای پێویستی، دواتر بگوازرێنەوە بۆ قۆناغی ئامادەیی.

دەقی بڕیارەکان:

1- ئەو مامۆستایانەی لە قۆناغی ئامادەیی دەوام دەکەن، ناونیشانی مامۆستای ئامادەیی وەردەگرن جگە لە دەرچووانی کۆلێژی پەروەردە و پەیمانگەکان.

2- ئەو مامۆستایانەی لە قۆناغی بنەڕەتی دەوام دەکەن، ناونیشانی مامۆستای بنەڕەتی وەردەگرن جگە لە دەرچووانی کۆلێژی پەروەردە.

3- هەموو ئەو مامۆستایانەی کە دەرچووی کۆلێژی پەروەردەن و لەئێستادا لە قۆناغی بنەڕەتین، لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان تا دوو ساڵ، بە دانانی کاتی لەو قۆناغە بمێننەوە لەسەر بنەمای پێویستی، دواتر بگوازرێنەوە بۆ قۆناغی ئامادەیی.