"ئیتر نەهامەتییەکان کۆتایی پێدێت"
رای هاوڵاتیانی هەڵەبجە لەسەر بەپارێزگابوونی شارەکەیان
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
هاوڵاتیانی هەڵەبجە دڵخۆشن بە بەپارێزگابوونی شارەکەیان و بەشێکیان پێیانوایە کە ئیتر نەهامەتییەکانیان کۆتایی پێدێت و بەشێکیشیان دەڵێن، دەبێ بە کردار خزمەتی شارەکە بکرێت.
دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامنێری 964 چووەناو بازاڕی هەڵەبجە و رای چەند هاوڵاتییەکی وەرگرت، چیا سەروان وتی، “ئەمڕۆ رۆژێكی زۆر مێژووییە و ئیتر ئەمڕۆ نەهامەتییەکانی خەڵکی هەڵەبجە کۆتایی دێت، بەڵام هیوادارم لەگەڵ بوونی هەڵەبجە بە پارێزگا، بودجەیەکی باشی بۆ دابین بکرێت و دەستی ئاوەدانی بێتە ناو شارەکەمان”.
فەتاح محەمەدـیش وەک دنیادیدەیەکی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “یاخوا پیرۆزمان بێ محافزە بەڵام بە مەرجێک خزمەتی ئەم میلـلەتە بکەن، بەڕاستی هەڵەبجە شایەنی هەموو شتێکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵكی هەڵەبجە نەهامەتی و دەربەدەری زۆری بینیوە و ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، وەک پێویست خزمەتیان بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14.4.2025 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەکۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و دواجار هەڵەبجە بوو بە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری