کارکردن لە رێگا سەرەکییەکانیش راگیراوە
سلێمانى پێویستى بە چەند تونێلێکە؛ حکومەت پارەى پێ نییە
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
“ئەو رێگایانەى سلێمانى بە شارە گەورەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەبەستێتەوە، زۆربەیان تەواو نەکراون و بەشێکیشیان پێویستیان بە تونێلە. بەڵام حکومەت پارەى پێنییە بۆ تەواوکردنى رێگاکان و دروستکردنى تونێل”، ئەمە قسەى محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری گشتی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبانی سلێمانییە کە بە 964ـى وتووە.
دەشڵێت: ئێستا رێگای دەربەندیخان بۆ کەلار 98%ـى تەواو بووە، بەڵام رێگای وارماوە- دەربەندیخان وەستاوە و قۆناغی دووەم و سێیەمی دوکان- چوارقوڕنەش بە هەمان شێوە وەستاوە و لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ کەوتنەوەکاری ئەو پڕۆژانە.
ئەو باسی لەوەشکرد، پڕۆژەیەک هەبو بۆ دروستکردنی تونێلێک لە ملەکەوەى سنوورى پێنجوێن، بەڵام بەهۆی نەبونی بودجە ئەو کارە مەحاڵە، هەر بۆیە رێگاکەی فراوان دەکرێت و لە ئێستادا هیچ پڕۆژەیەکی نوێی دروستکردنی تونێل لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بونی نییە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح