لە سێ رۆژدا دوو دەواجین لە سنووری بنگرد سووتاون

لە گوندی سێوکان دەواجینێک ئاگریگرت و بەتەواوی سووتا

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

درەنگانی شەوی رابردوو، لە رووداوێكی ئاگر كەوتنەوەدا لە گوندی سێوكانـی سەر بە ناحیەی بنگرد، هۆڵێکی دەواجینی مریشك ئاگریگرت و بەتەواوی سووتا.

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، ئەوە دووەم دەواجینی مریشكە كە لە سنوورەكە دەسوتێت و خەڵكی گوندەكە بەهانای شوێنەكەوە دەچن، چونكە هیچ بنكەیەكی ئاگركوژێنەوە لە سنوورەكە نییە.

محەمەد سێوكانی، خاوەنی دەواجینەكە بۆ 964 قسەی كرد و وتی، “درەنگانێكی شەوی رابردوو ئاگاداریان كردمەوە كە هۆڵی مریشكەكانم ئاگری گرتووە، سەرەڕای ئەوەی بەهاوکاری دانیشتووانی دەورووبەری ناحیەكە بەشەش تانكەری ئاوەوە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەماندا، بەڵام ئاگرەكە گەورە بوو و بۆمان كۆنتڕۆڵ نەكرا و دەواجینەکە بەتەواوی سووتا”.

وتیشی، “دەواجینکە مریشكی تێدا نەبوو، چونكە دوو رۆژ پێشتر هەموو مریشكەكانم فرۆشتبوو و چاوەڕێی جوجكم دەكرد بەدەستم بگات، بەڵام زیاتر لە 100 هەزار دۆلار زیانم پێگەیشتووە، لەبەرئەوەی هۆڵەکەم کەڵکی نەماوە و دەبێت سەرلەنوێ دروستی بکەمەوە”.

ئەو خاوەن دەواجینە باسی لەوەشكرد، لە سنوورەكە هیچ بنكەیەكی ئاگر كوژێنەوەی لێ نییە، دوای دوو كاتژمێر لە هەڵگیرسانی ئاگرەکە، بنکەی ئاگركوژێنەوەی رانیە گەیشتووەتە شوێنەكە و ئەوكاتەش کار لەکار ترازەوە و هەموو هۆڵەکە سووتاوە.

لەبارەی نەبوونی ئاگر كوژێنەوە لە سنوورەكە، محەمەد عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد بە 964ـی وت، “تەنیا بەهۆی كەمتەرخەمی بنكەی ئاگركوژێنەوە لە سنوورەکەمان دانەنراوە، ئەگەرنا زۆر پێویستە و كاتێك من بووم بە بەڕێوەبەر بەسەر قەیرانی داراییدا هاتووم، داوایشم لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە  بنكەیەكی ئاگركوژێنەوە لە سەنتەری ناحیەی بنگرد بکەنەوە”.

“بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر خەتم و بڕیارە لە نزیكترین كاتدا بنكەیەكی ئاگر كوژێنەوە بکرێتەوە، لەئێستاشدا خەریكین شوێنێك بۆ بنكەكە تەرخان دەکەین”، محەمەد عەبدولڕەحمان وای وت.

سەرلەبەیانی هەینی رابردووش، لە گوندی بێموشەی سەر بە ناحیەی بنگرد، ئاگر لە دەواجینێک کەوتەوە و نزیکەی 12 هەزار مریشک سووتان، ئەو کاتیش تیمێکی بەرگری شارستانی رانیە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چووە شوێنەکە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری