وێنەى ئەو بارهەڵگرەى لە بەسرە کارمەندێکى هاتوچۆى شێلا
964 ڤیدیۆى رووداوەکە بڵاوناکاتەوە
“بە ئەنقەست بارهەڵگرێک کارمەندێکى هاتوچۆى شێلا و قاچێکى لێکردەوە”
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
ئێوارەى ئەمڕۆ لە شارى بەسرەى باشورى عێراق، کارمەندێکى هاتوچۆ و شۆفێرى بارهەڵگرێک لێیان دەبێت بە دەمەقاڵێ، دواتر شۆفێرى بارهەڵگرەکە کارمەندەکە دەشێلێ و بە سەختى بریندارى دەکات.
کارمەندەکە بەتەواوەتى قاچێکى لەدەستداوە و قاچەکەى تریشى شکاوە
موچەدەم موئەیەد ئاغا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی جەبارە لەپارێزگای دیالە کە لە رێگەى گروپى هاتوچۆى عێراقەوە لە رووداوەکە ئاگادارە، چیرۆکى رووداوەکەى بەم شێوەیە بۆ 964 گێرایەوە،”رووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە لەلایەن مەفرەزەیەکى هاتوچۆوە رێگرى لە بارهەڵگران کراوە کە پردێک لە بەسرە بەکارنەهێنن و رێڕەویان بگۆڕن، بەڵام یەکێک لە شۆفێرە بارهەڵگرەکان پابەند نابێت و بە کارمەندەکە دەڵێت هەر لەو پردەوە دەڕۆم، دواجار دەبێت بە دەمەقاڵەیان و شۆفێرەکە لە پڕ کارمەندەکەى هاتوچۆ دەکات بەژێرەوە”.
هەرچەندە دیمەنى رووداوەکە و برینداربوونى سەختى کارمەندەکە بەدەست 964 گەیشتووە، بەڵام لەبەر قورسى رووداوەکە و گەورەیى برینەکە، 964 دیمەنەکانى بڵاو ناکاتەوە، بەڵام بەپێى دیمەنەکان کارمەندەکەى هاتوچۆ لە رانییەوە بە تەواوەتى قاچێکى لێبووەوەتەوە و قاچەکەى تریى و بەشێک لە جەستەى زۆر بە سەختى بریندار بووە.
بەوتەى موقەدەم موئەیەد، دواى رووداوەکە شۆفێرى بارهەڵگرەکە رایکردووە و شوێنەکەى جێهێشتووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح