سێ كەس مردوون

نەخۆشی سورێژە لە ئەمریكا بڵاوبووەتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ژمارەی تووشبووانی سورێژە لە ئەمریکا تا رۆژی هەینی 700 کەسی تێپەڕاند، ویلایەتی ئیندیانا چووە ریزی پێنج ویلایەتی دیکەوە کرد کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە تێیاندا چالاكە، لە ویلایەتی تەکساسیش 60 كەس زیاتر تووش بوون و سێ حاڵەتی مردنیش تۆمار كران.

وەزیری تەندروستیی ئەمریكا رۆبەرت کێنێدی لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتەكەیدا، كە لە تەلەڤزیۆن بڵاوكرایەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، حاڵەتەکانی سورێژە لە سەرانسەری وڵاتدا روو لە زیادبوونن، بەڵام هێشتا ڤایرۆسەکە زیاتر لە ناو ئەو کەسانەدا بڵاودەبێتەوە، کە کوتانیان بۆ نەکراوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا زیاتر لە دوو هێندە ژمارەی تووشبووانی سورێژە لەمساڵدا، بەراورد بە ساڵی رابردوو تۆمار كردووە، زۆرینەی ئەو حاڵەتانە لە ویلایەتی تەکساس تۆمارکراون و 541 حاڵەتیان تۆمارکردووە.

بە پێی زانیاریی میدیای ئەمریكا، دوو منداڵی تەمەنی خوێندنی سەرەتایی کە کوتانیان بۆ نەکراوە، بەهۆی نەخۆشییەكەوە لە نزیک ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە رۆژئاوای گوندنشینەکانی ویلایەتەکە، گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە ئەمڕۆ یەكشەممە وەزیری تەندروستیی ئەمریكتا سەردانی ناوچەکە بکات.

هەروەها سێیەم کەس کە مردووە، کەسێکی پێگەیشتوو بووە لە نیو مەکسیکۆ کە ئەویش کوتانی بۆ نەكراوە.

ئەو ویلایەتانەی دیکە کە تووشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و سێ حاڵەت یان زیاتریان تۆماركردووە، بریتیین لە لە نیو مەکسیکۆ، ئیندیانا، کانساس، ئۆهایۆ و ئۆکلاهۆما.

سورێژە بەهۆی ڤایرۆسێکی زۆر درمییەوە دروست دەبێت کە لە رێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە و بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە، بە تایبەتی بە هۆی هەناسەدان، پژمین و كۆكە.

دیارترین نیشانەكانی نەخۆشییەكە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (ڕەنگە بۆ سەروو 40 پلەی سیلیزی بەرزبێتەوە)، کۆکە، هەڵامەت، ھەوکردن و سووربوونەوەی چاو، دەرکەوتنی برینی بچووکی سپی لە ناو دەم، پەیدابوونی پەڵەی سوور لەسەر پێست دوای نزیکەی 3-5 رۆژ لە دەرکەوتنی نیشانە.

سورێژە ڤایرۆسێكی كۆنە و زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، بەڵام دەكرێت كەسانی تەمەنی گەورەش تووش ببن، باشترین چارەسەریش وەرگرتنی كوتانە “ڤاكسین”.

پێشتر وا راگەیاندرابوو ئەمریكا لە ساڵی 2000ـەوە كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكەی كردووە.

لە عێراق 27 هەزار حاڵەتى توشبوون بە نەخۆشى سورێژە تۆمار ...

لە عێراق 27 هەزار حاڵەتى توشبوون بە نەخۆشى سورێژە تۆمار کراوە