لەلایەن ئاسایش سلێمانییەوە
30 کیلۆگرام کریستاڵ دەستیبەسەردا گیرا
964+
توانا نەقی
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نهێشتنی مادە هۆشبەرەکان و ئاسایشی سلێمانییەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانراوە دەستبگیرێت بەسەر 30 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ.
ئەمڕۆ سێشەممە ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە شەوی 6.4.2025 ئەنجامداوە و توانیویانە لە بازگەیەک رێگری بکەن لە گواستنەوەی ئەو مادە هۆشبەرانە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
دەشڵێت، تۆمەتباری بازرگان کەسێکی بیانی بووە، کە بەنیازی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکە بووە بۆ وڵاتی تورکیا و دوای ئەنجامدانی پشکنین و دۆزینەوەی مادەکە توانرا بازرگانەکە دەستگیربکرێت و دەستبەسەر سەرجەم مادە هۆشبەرەکە بگیرێت کە 30 کیلۆ گرام کریستاڵ بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر بەمادەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.