دەستبەسەر کراون
پێنج مانگا هاوڵاتیانی ناحیەی کەورگۆسکی هەراسان کردووە
+964
عەبدولعەزیز خالند _ هەولێر
ماوەی دوو رۆژە پێنج مانگا لە ناحیەی کەورگۆسک لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەرن، ئەو مانگا و ماڵاتانە بەربوونەتە کۆڵان و باخچە و تەنانەت دەچنە ناو ماڵانیش، 23 جار شکاتیان لەسەر تۆمار کراوە.
هەیسەم رەشاد، بەرێوەبەری شارەوانی کەورگۆسک بە 964ی وت، ماوەیەکە پێنج مانگا و کۆمەڵێک ماڵات بەربوونەتە ناو کۆڵان و باخچەگشتیەکان و تەنانەت دەچنە نێو ماڵەکانیش، زیاتر لە 23 جار شکاتیان لەسەر تۆمار کراوە.
باسی لەوەشکرد، ئەوە دووەم جارە ئەو مانگایانە دەستبەسەر دەکرێن و ئەم جارەش بەمەرج پێیان دەدرێتەوە بەڵام لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سزایان دەدەین، چەندین جار هەموو رێکارێکی هۆشیاریمان گرتووەتەبەر بەڵام سوودی نەبووە.
هەر لەو ناوچەیە نا بەڵکو لە سلێمانی و ناحیەی شۆڕشیش لەم یەک دوو رۆژەدا چەندین سەر ئاژەڵ دەستبەسەر کراون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی