لە چەند پارێزگایەک
مانگرتنی گشتی مامۆستایانى عێراق دەستیپێكرد
964+
محەمەد فاتیح
ئەمڕۆ یەكشەممە 6.4.2025 مانگرتنی گشتی مامۆستایانی عێراق دەستیپێكرد و دەنگۆی دەستگیركردنی ماليك هادی نوێنەری ستافی پەروەردە بڵاوبووەتەوە.
لە پارێزگای واست مانگرتنی مامۆستایان دەستیپێكردووە و قوتابخانەكان داخران و خۆپیشاندانێكی گەورەیان ئەنجامداوە، لە كەربەلا و نەجەفیش مانگرتن دەستیپێكردووە و هەندێك لە قوتابخانەكان داخراون، ئەمە زانیاری میدیا عێراقیەكانە بڵاوكراونەتەوە.
چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییش دەریدەخەن لە شاری ناسریە دوای ئەوەی مامۆستایانی چەند قوتابخانەیەك مانگرتنیان راگەیاند قوتابیەكان بەرەو ماڵەوە قوتابخانەكان بەجێدەهێڵن، سەرەڕای بڵاوكردنەوەی چەندین گرتەی ڤیدیۆ لەسەر مانگرتنەكە، دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەتەوە دوای ئەوەی داوای مانگرتنی گشتیی کرد، هێزێکی ئەمنی مالیك هادی نوێنەری ستافی پەروەردەی عێراقی دەستگیرکردووە.
مامۆستایانی عێراق رایانگەیاندبوو، كە ئەمڕۆ دەست بە مانگرتنی گشتی دەكەن و داوای زیادكردنی موچەكانیان و زیاد كردنی دەرماڵە دەكەن.