"هەرچی بتوانیت بۆ قەرەبوو دەیكەین"
قایمقامی سلێمانی: با چاوەڕوانی لێكۆڵینەوە لە هۆکاری سووتانی بازاڕی دارەسووتاوەکە بكەین
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، لە سبەیەوە دەست بە رێكخستنەوەی بازاڕی دارەسووتاوەكە دەكەن، بۆ هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەش وتی، با چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تیمەكانی بەرگریی شارستانی بكەین.
ئاوات محەمەد لە بارەی ئاگركەوتنەوەكەی ئەمڕۆی بازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی، بۆ 964 قسەی كرد و لە كاتی سەردانی بۆ شوێنی ئاگرەكە وتی، دەستخۆشی لە تیمەكانی بەرگریی شارستانی دەكەین بە ماوەیەكی كەم ئاگرەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە.
وتیشی، لە سبەیەوە بۆ رێكخستنەوەی بازاڕەكە كار دەكەن و داواشی كرد دوكاندارەكانی بازاڕەكە هاوكاربن، بۆ ئەوەی كارێكی باش لە بەرژەوەندی هەمووان و بۆ بازاڕەكە بكەن.
لە بارەی قەرەبووكردنەوەی دوكاندارانی بازاڕەكەش، قایمقامی ناوەندی سلێمانی وتی، “هەرچی بتوانین بۆ قەرەبووكردنەوەی دوكاندارانی دارەسووتاوەكە دەیكەین”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 5.4.2025 بازاڕی دارەسووتاوەكە لە سلێمانی سووتا و زیانی زۆر بەر كاسبكارانی بازاڕەكە كەوت، هێشتاش هۆكارەكەی روون نییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا