پێدەچێت کرابێت بە سیپە
لاشەى ئۆتۆمبێلێک لە دەریاچەى دوکان دەرکەوت
964+
محەمەد عەلى- ئیدارەى راپەڕین
بەهۆى کەمى بارانبارین، دەریاچەى دوکان پاشەکشەى کردووە و بووەتە هۆى ئەوەى لاشەى ئۆتۆمبێلێک لەناو دەریاچەکە دەربکەوێت.
پێدەچێت وەک سیپە بەکارهێنرابێت
دواى ئەوەى هاوڵاتییەکى سنوورى ئیدارەى راپەڕین لەگەڵ هاوڕێیەکى بەمەبەستى گەشت دەچنە کەناراوەکانى دەریاچەى دوکان لە خوارووى دەربەندى رانیە، دەبینن بەهۆى پاشەکشێى دەریاچەکە لاشەى ئۆتۆمبێلێک دەرکەوتووە کە قوڕ و لیتە داى پۆشیوە.
زانیار رانیەیی، ئەو هاوڵاتییەى یەکەمجار چاوى بە لاشەى ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە، بە 964ـى وت،”ئۆتۆمبێلەکە بە قوڕ و لیتە داپۆشراوە، تەنیا دەزانین لاشەى ئۆتۆمبێلێکى قەمەرەیە، بەڵام نازانرێت هى کێیە و چۆن کەوتووەتە ناو دەریاچەکە”.
وەک باسى دەکات، لەگەڵ تیمى غەواسی راپەڕین چوون بۆ شوێنەکە، ئەوان گومانیان کردووە تەنیا لاشەیەکى ئۆتۆمبێل بێت و لەلایەن راوچییەکانەوە وەک سیپە بەکارهێنرابێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح