راکێشانی ئاو لە گەڕەکێکی دوزخورماتوو _ وێنە: 964
ماتۆڕەکان دەگۆڕدرێن
ئەو ماڵانەی دوزخورماتوو ئاوی سەرپێچییان هەبێ سزایان بۆ دێتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
تیمێکی ئەندازیاری لە دوزخورماتوو، هەڵمەتێکی گۆڕین و نۆژەنکردنەوەی سەرجەم ماتۆڕەکانی وێستگەی سەرەکیی پڕۆژە ئاوی دوزخورماتوو- یان دەستپێکرد و لەگەڵ ئەوەش فەرمانگەی ئاوی قەزاکە بڕیاریداوە هەر ماڵێک هێڵی ئاوی بەسەرپێچی راکێشا بێت سزای بدات.
لەیەکەم هەنگاودا زیاتر لە 30 هێڵی ئاوی بڕیووە کە بەشێوەی سەرپێچی راکێشرا بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.4.2025، ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ئەو ماتۆڕانەی لەناو وێستگەی پڕۆژەی ئاوەکەدان دەگۆڕدرێن و سەرجەمیان نوێ دەکرێنەوە، چونکە وێستگەکە جگە لە دوزخورماتوو ئاوی هەردوو قەزای ئامرلی و کفری و دوو ناحیەو دەیان گوندی لەسەرە، پێویستە ساڵانە چەندجارێک نۆژەن بکرێنەوە و ئامێر و ماتۆڕەکانیان بگۆڕدرێن، بۆ ئەوەی کێشەی کەم ئاوی رونەداتەوە.
هەندێک کۆڵان و گەڕەکی دوزخورماتوو بە زەحمەت ئاویان پێدەگات، بە قسەی ئیسماعیل مستەفا، هۆکارەکەی ئەوەیە بۆری سەرەکی گواستنەوەی ئاوی گەڕەکەکانیان زۆر کۆن بوون و بەشێکیان شکاون، ئەوەش وایکردووە، ئاو بەئاستەنگ بگات بە ماڵەکان، لەگەڵ ئەوەش راکێشانی ئاو بەشێوەیەکی سەرپێچی، هۆکارێکی دیکەی کێشەکەیانە و لەمڕۆشەوە، تا ماوەی هەفتەیەک سەرجەم بۆرییەکانی ئەو کۆڵانانە دەگۆڕن کە کێشەیان تێدایە.
بەوتەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی دوزخورماتوو، لەمڕۆشەوە هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە، بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بە سەرپێچی ئاویان راکێشاوە و سەرجەمیان لادەرێن و سەرپێچیکارانیش، بەبڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان سزاکە دەبێتە دوو هێندە و دەبێتە یەک ملیۆن دینار.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا