منداڵێکی توشبووی ئۆتیزم راهێنانی پێدەکرێت _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
"تووشبوون روو لە زیادبوونە"
کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان: لەکۆی هەر 90 منداڵێک یەکێکیان تووشبووی ئۆتیزمە
964+
ژووری هەواڵ
رێژەی تووشبوون بە ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە، ئێستا لە کۆی هەر 90 منداڵێک یەکێکیان تووشبووی نەخۆشییەکەیە، ئەمە زانیاریی و داتاکانی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستانە کە لە رۆژی جیهانی تووشبوواندا ئاشکرای کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2.4.2025، کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیکەی 17 ساڵ بەر لە ئێستا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆی 150 منداڵ یەکێکیان ئۆتیزمی هەبوو، بەڵام ئێستا لەکۆی 90 منداڵ یەکێکیان تووشبووی نەخۆشییەکەیە و ئەم ژمارەیەک ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.
“هۆشداری دەدەم، لە دوای 20 ساڵی دیکە لە کۆی 15 منداڵ یەکێکیان دەبێتە تووشبووی نەخۆشییەکە و هەموو ماڵێک نەخۆشێکی ئۆتیزمی دەبێت”، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان وا دەڵێت.
بە وتەی کەمال جەباری، هۆکاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ئۆتیزم نەبوونی ژمارەی پێویست لە سەنتەری راهێنانە لەگەڵ لەبەرچاونەگرتنی دۆخی دارایی و فەرامۆشکردنی کەیسی تووشبووانی ئۆتیزم، کە مەش بووەتە هۆی لێکجیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی 50 خێزان و نزیکەی 80٪ـی خێزانەکان تووشی حاڵەتی دەروونی نالەبار بوون.
لەکۆی سێ هەزار و 900 تووشبووی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا 12٪ـیان لە سەنتەرەکانی راهێنانی حکومی سوودمەندن، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان وای وت.