
وێنەی دیدارێکی پێشووی نێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی
ئامانجی سەردانەكە چییە؟
وتەبێژی حكومەت بۆ 964: ئەمڕۆ سودانی سەردانی هەولێر دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بە سەردانێك دەگاتە هەولێر و پەیوەندی و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ناوەڕۆكی گفتوگۆیەكان دەبێت.
پێشەوا هەورامانی، ئەمڕۆ شەممە 12.4.2025 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەگاتە هەولێر و لە لایەن سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لێدەكرێت.
وتیشی، ئامانجی هاتنەكە، گفتوگۆكردنە لە بارەی پەیوەندییەكان و هەروەها ئەو كێشانەی لە نێوان هەردوولا هەیە، بە ئامانجی چارەسەركردن، كە بەشێكی ئەو كێشانە بە ئاراستەی چارەسەركردن هەنگاوی باشیان بڕیوە، بەڵام هەندێكیان هێشتا پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی 964 سودانی کاتژمێر 11:00 دەگاتە هەولێر.
دیارترین كێشەكانی ئێستای نێوان بەغدا و هەولێر، بابەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە و دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی كوردستانە.