وردەكارییەكە چییە؟
باڵیۆزخانەی عێراق مەرجی بۆ سورییەكان داناوە بۆ هاتنەناو عێراق
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە دیمەشق رایگەیاند ڤیزا بە چەند پۆلێک لە هاوڵاتیانی سوریا دەدات بێنە ناو خاكی عێراقەوە، بەڵام بە مەرج.
باڵیۆزخانەكە لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، رەزامەندی سەرۆک وەزیران بۆ پێدانی ڤیزای چوونە ناو خاکی عێراق بۆ چەند پۆلێک لە هاوڵاتیانی سوریا وەرگیرا، كە ئەمەش دوای وەرگرتنی رەزامەندی فەرمانگەی وردبینی ئەمنی دەبێت، کە لە رێگەی باڵیۆزخانەوە پەیوەندییان پێوە دەکرێت بۆ ئەو پۆلانەی کە دەیانگرێتەوە، رێگەی چوونە عێراقیان پێبدرێت، كە ئەمانەن:
1- ژنێکی سوری هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی عێراقی کردبێت، پیاوەكە بیەوێت بیبات بۆ عێراق.
2- عێراقییەک، یەکێک لە دایک و باوکی خاوەنی رەگەزنامەی سوری بن، بیەوێت بیبات بۆ عێراق.
3- پیاوێکی سوری هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی عێراقی کردبێت و بیەوێت لەگەڵ ژنەکەیدا بچێتە عێراق.
4- ژنێکی سوری هاوسەرگیری لەگەڵ عێراقییەک کردووە و دوو منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵی هەیە، كە لە هاوسەری پێشوویین و پاسپۆرتی سورییان هەیە، ئەوانیش دەتوانن بێنە ناو عێراقەوە لەگەڵ دایك و باوكیان هەیە.
باڵیۆزخانەی عێراق دەڵێت، ئەوانەی ئەم راگەیاندراوە دەیانگرێتەوە، دەبێت سەردانی بەشی کونسوڵگەری بکەن لە باڵیۆزخانە و گرێبەستی هاوسەرگیری باوەڕپێكراو و بەڵگەنامەی دیكەی پشتگیریكراو لەگەڵ خۆیان بهێنن.