هەڵەى تەکنیکییە
پڕۆژەى هەژمارى من: ئەوەی دوو مووچە وەرگرێت و نەیگەڕێنێتەوە رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگرینەبەر
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوو، دوو مووچەخۆر لە تەقتەق و قوشتەپە دووجار موچەى مانگى سێیان راکیشا و دواتر مووچەکانیان گەراندەوە بانک، پڕۆژەى هەژمارى من دەڵێت، ئەوەى روویداوە هەڵەى تەکنیکى بووە و دەبێت موچەکانیان بگەڕێننەوە.
لەسەر پرسى وەرگرتنى دوو جار موچە لەلایەن دوو فەرمانبەرەوە لە A.T.Mـەکانى پڕۆژەى هەژمارى من، 964 پەیوەندى بە هێڵى گەرمى 1991ـى هەژمارى من کرد، ئەوان روونکردنەوەیان بۆ ئەو حاڵەتە ئەوەبوو کە کێشەیەکى تەکنیکییە، لەلایەن بانکەوە دروست بووە و هەوڵ دەدەن بۆ مانگەکانى داهاتوو کێشەى لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە.
هێلی گەرمی 1991وتیشی، “هەر مووچەخۆرێک لە مووچەکەی زیاتر بچێتە سەر هەژمارەکەی، بانک دەزانێت کە بڕە پارەیەکی زۆرتری بۆ چووە و داوای لێدەکات پارەکەی بۆ بگەرێنێتەوە، تا ئێستاش رووینەداوە کەسێک پارەیەکی زۆرتری بۆ بچێت و نەیگەرێنێتەوە، بەڵام ئەگەر رووداوێکی ئاواش رووبدات بێگومان بانک رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر”.
پێنجشەممەى رابردوو دەست بە دابەشکردنى موچەى مانگى سێى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کرا، بەڵام لە قوشتەپە و تەقتەق، دوو موچەخۆر بەهۆى ئەو کێشەیەوە دووجار موچەى مانگى سێیان وەرگرت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح